رێكخستنی ناڕه‌زایه‌تی‌و خۆپیشاندان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دانه‌بڕاوه له شوناسی خوێندكار‌و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری، ناڕه‌زایه‌تی ئه‌مجاره‌ی خوێندكاران بۆ مه‌حكوومكردنی داخستنی رۆژنامه‌ی "سه‌لام"، ئه‌مجاره‌یان تووندتر له هه‌میشه به‌ره‌ورووی سه‌ركوت ده‌بنه‌وه. میلیشیا چه‌كداره‌كانی ناسراو به "لیباس شه‌خسی"، به بڕیاری تووندڕه‌وترین‌و كۆنه‌پارێزترین باڵی سیسته‌می سیاسیی ئێران هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر زانستگای تاران‌و به میتۆدی " شه‌عبان بی موخ"، دامه‌زرێنه‌ری قووتابخانه‌ی كرده‌گه‌رایانه‌ی شارلاتانیزم له مێژووی سیاسیی ئێران، خوێندكاران ده‌كه‌نه ئامانجی چه‌قۆ، زه‌نجیر‌و لێدان‌و پلان بۆدارێژراو، شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خوێندكاران خڵتانی خوێن ده‌كه‌ن. رۆژه‌كانی 18ی پووشپه‌ڕ تا 23ی پووشپه‌ڕ بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژ سه‌ركوت، تێكهه‌ڵچوون‌و به‌رامبه‌ركێی شاری تاران ده‌گرێته‌وه‌و ئه‌م كۆمه‌ڵه رووداوه به رووداوه‌كانی 18ی پووشپه‌ڕ ناوبانگ ده‌رده‌كا. 18ی پووشپه‌ڕ وه‌ك رووداوێكی مێژوویی له بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ئێران تۆمارده‌كرێ‌و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م رووداوه تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
مێژووی نوێی ئێران خاوه‌نی گه‌لێك سه‌روه‌رییه و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری میراتگری به‌شێك له‌م سه‌روه‌ریانه‌یه. رۆژه میژووییه‌كانی 18ی پووشپه‌ڕ، 16ی سه‌رماوه‌ز و ...هتد، جیا له بردنه ژێرپرسیاری ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆر، توانیویه‌تی په‌ره‌پێده‌ری گوتاری دێمۆكراسی و مافی مرۆڤیش بێت. له‌لایه‌كیتره‌وه ئه‌زموون و ده‌رسه‌كانی ئه‌م رۆژه مێژووییانه بۆخودی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاران به وێنه‌ی رێنسانس ده‌وری گێڕاوه و به‌زمانێكیتر نوێبوونه‌وه و به‌رۆژبوونه‌وه‌ی بزاڤی لێكه‌وتۆته‌وه.
18ی پووشپه‌ڕی 78، یه‌ك له‌و رۆژانه‌یه كه له هه‌گبه‌ی چه‌ندین ده‌یه خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ئێران وه‌ك ئه‌ستێره ده‌دره‌ۆشێته‌وه و وه‌ك كاتالیزۆرێك بۆ ساڵه‌كانی دواتری بزووتنه‌وه رۆڵی گێڕاوه و ده‌گێڕێت. ئه‌م رووداوه وه‌ك هه‌موو رووداوه مێژووییه‌كان به‌رهه‌می به‌ستێن و هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تی مێژووییه و بێ باسكردن له‌م زه‌مینه‌و هه‌لومه‌رجانه، شیكاری و لێكۆڵینه‌وه‌كان ناته‌واو ده‌مێننه‌وه.
هێرشكردنه سه‌ر رۆژنامه‌ی سه‌لام و داخستنی ئه‌م چاپه‌مه‌نییه، زه‌نگی رووداوه‌كانی دواتری لێدا و ئه‌م رووداوه گه‌لێك رووداوی به‌شوێن خوێدا هێنا. ره‌گه‌ی ئه‌م كرده‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ترس له رووداوه‌كانی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێران و كه‌وتنه ژێر پرسیاری مه‌شروعییه‌تی ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕایه‌وه. ئه‌ڵبه‌ت نابێ ئه‌مه له‌بیربكرێت كه داخستنی چاپه‌مه‌نی ناوبراو و به‌رزبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خوێندكاران و به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمه رادیكاڵه‌كان له لایه‌ن خوێندكاران هۆكاری راسته‌قینه‌ی هێرشی بێ به‌زه‌یانه‌ی مه‌ئموورانی رژیم نه‌بوو. ئه‌م كرده‌ی ده‌سه‌ڵات سیناریۆیه‌كی له‌پێش داڕێژراو بۆ به پادگانیكردن و بۆ پاشه‌كشه به بزووتنه‌وه‌ی روو له گه‌شه‌ی خوێندكارن و هه‌روه‌ها داماویی له وڵامدانه‌وه به خواسته‌كانی جه‌ماوه‌ر بوو. نووكی تیژی هێرشه‌كان روو له بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری بوو، بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه پێشوه‌چوون و گه‌شه‌یه‌كی تاراده‌یه‌ك به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه دیتبوو و ورده‌ورده ده‌روَیشت تا چاره‌نووسی خۆی له ره‌وتی ناسراو به ئیسڵاحخوازانی ده‌وڵه‌تی، جیا بكاته‌وه.
زۆربه‌ی شاره‌زایانی سیاسی له‌وبڕوایه‌دان كه رژیم ده‌یوویست به‌م ره‌فتاره و به هه‌نگاوه‌كانی دواتر، سه‌لبی ده‌سه‌ڵات له ره‌وتی ئیسڵاحخوازانی ده‌وڵه‌تی بكات و هه‌لومه‌رجی به‌بنبه‌ست كێشانی ئه‌و جوڵه‌یه پێكبێنێت و ئه‌م گریمانه‌ش، بۆ كێشه و ململانێی باڵه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕایه‌وه. له‌لایه‌كیتره‌وه، ساڵێك پێش له رووداوی 18ی پووشپه‌ڕ، پڕۆژه‌ی كوشتنی نه‌یاران و ره‌خنه‌گران ده‌ستی پێكردبوو و شه‌پۆلێك له تیرۆره سیاسییه‌كان رێكه‌وتبوو، له‌م نیۆه‌دا كوشتنی رێبه‌ڕانی خوێندكاریش له‌ده‌ستووری كاردابووه و دواتر نهێنییه‌كان ئاشكرابوو. ئه‌وان به‌باشی له پوتانسییه‌ل و وزه‌ی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی ئاگاداربوون و ده‌یانوویست به‌م كاره جوڵه‌ی خوێندكارن له‌باربه‌رن.
مه‌سه‌له‌یه‌كیتر كه پیۆیسته باسی بكرێت و زۆر گرینگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، پرسی لێكدادان و كه‌لێنی مێژوویی نیۆان بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری و ده‌سه‌ڵاته. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری به‌رده‌وام و له هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان ره‌نگدانه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ی داواكاری و خواسته گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگا بووه و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ئێرانیش به‌ده‌ر له‌م تیوه‌ره نییه. عه‌داڵه‌تخوازی، مافی مرۆڤ، رادیكاڵیسم، دێمۆكراسی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، شوناسی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكارییه و هه‌ڵكشان و گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری له‌و ساڵانه‌ی دوایی ترسی خستبووه دڵی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی. به‌رگرتن و به‌ربه‌ستكردنی ئه‌م ره‌وته روو له‌گه‌شه له رێگه‌ی ئاساییه‌وه ئیمكانی نییه و ئه‌م مه‌سه‌له‌ش رووداوی تازه ده‌خوازێ كه سه‌ره‌نجام رووداوی دڵته‌زێنی 18ی پووشپه‌ڕی لێده‌كه‌وێته‌وه.
باسكردن له ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌م رووداوه مێژووییه جێگه‌ی بایه‌خه، چوون ئه‌م كرده‌یه وه‌ك خاڵی وه‌رچه‌رخانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری دێته‌ئه‌ژمار و دوای ئه‌م رووداوه، بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری پێی نایه قۆناغێكی دیكه. یه‌كێك له‌گرینگترین ده‌سكه‌وته‌كان، په‌روه‌رده بوونی كه‌سانێك وه‌ك رێبه‌ری عه‌مه‌لی له چه‌قی ئه‌م كرده به‌كۆمه‌ڵه‌یه، دوای ئه‌م رووداوه به ده‌یان رابه‌ری خوێندكاری پێیان نایه ناو خه‌باتی ره‌وتی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری و به‌ده‌یان جار ده‌سه‌ڵات له روبه‌روبوونه‌وه له‌گه‌ڵ جوڵه خوێندكارییه‌كان تووشی پاشه‌كشه بوو. له لایه‌كیتره‌وه زانكۆ بووه ویژدانی به‌ئاگای كۆمه‌ڵگا و سه‌رده‌مێكیتر له جوڵه‌ی خوێندكاری له دایك بوو. مه‌سه‌له‌یه‌كیتر كه گرینگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ئه‌وه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری بۆ جارێكی‌تر خۆی ناسانده‌وه و ئه‌م پێناسه تازه‌یه‌ی به‌دوور له باڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات بوو. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری سه‌ربه‌خۆبوونی خۆی پێناسه‌كرد و هه‌نگاوه‌كانی دواتری خوێ له چوارچیۆه‌ی سه‌ربه‌خۆی دیته‌وه.
سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م رۆژه و هاتنه‌ئارای چه‌ندین رووداوی دیكه، هێشتا كاریگه‌رییه‌كانی 18ی پووشپه‌ڕ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ماوه‌ته‌وه. ئێستاش ئه‌زموون و ده‌رسه‌كانی 18ی پووشپه‌ڕ له جوڵه‌ی خوێندكاران ده‌نگ ده‌داته‌وه و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكارانیش به كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م ئه‌زموونانه و دۆزینه‌وه‌ی تاكتیكی نوێ، له هه‌وڵی گه‌یشتن به ئامانج و ئیستراتژیه‌كانیه‌تی. 18ی پووشپه‌ڕ سه‌لماندی، یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزی و دووركه‌وتنه‌وه له پاسیفیزم ده‌توانێ ئاسۆكانی ئیستراتژی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری روونتر بكاته‌وه و یارمه‌تیده‌رێكی به‌كه‌ڵك بۆ ره‌وتی دێمۆكراتیزه كردنی كۆمه‌ڵگا بێت.