ئازێف له مانای تایبه‌تیدا ناوی كه‌سایه‌تییه‌كی دیاریكراوه له ساڵانی شۆڕشی 1905ی رووسیادا. له‌و ساڵانه‌دا خه‌ڵكی رووسیا به ناوه‌ندێتی شاری پێترسبۆرگ شۆڕشگێڕترین خه‌ڵكبوون كه بۆ دیمۆكراسی و نه‌هێشتنی سیستمی قه‌یسه‌ری خه‌باتیان ده‌كرد، شۆڕشێك كه بڕیاربوو هیچ سووچێكی تاریك نه‌هێڵێت و هه‌تاوی سیاسه‌تی رزگاریده‌ر بۆ روونكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه رازاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ری دابگیرسێنێت. به‌ڵام هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌ی خه‌ڵك، كه‌سایه‌تی سه‌یری وه‌ك ئازێفیش له‌دایك ده‌بوون. ئازیفی راسته‌قینه فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی پۆلیسی نهێنی بوو، كه به هاوكاری و مۆڵه‌ت و ئاگاداری وه‌زیری ناوخۆی ئه‌وكاتی رووسیا لقێكی نهێنی له نێو پۆلیسی نهێنیدا كرده‌وه كه ته‌نیا وه‌زیر خۆی ئاگاداری بوو.
ئازێف له درێژه‌ی كاری ئه‌م لقه نهێنیه‌دا زۆر له پۆلیسی نهێنی، ناڕاسته‌وخۆ، ته‌سلیمی شۆڕشگێڕان كرد و به‌و دیویشدا زۆر له شۆڕشگێڕانی به ده‌ستی پۆلیسه‌وه‌دا و وایكرد له دواییدا ریزه‌كان تێكه‌ڵ ببن و دیار نه‌بێت چ كاری كێیه و لێڵییه‌كی خسته‌وه كه پۆلیس و شۆڕشگێڕانیشی سه‌رسام كرد و شۆڕشگێڕان له دواییدا ناچاربوون یان بكه‌ونه ئه‌و یاریه‌وه كه ئازێف بۆی داڕشتبوون یان به ره‌سمی رابگه‌یێنن كه ئه‌وان وازیان له تووندوتیژی هێناوه و هه‌موو ئه‌م كارانه له ئه‌ستۆی پۆلیسی نهێنییه، به‌ڵام هێشتا ئازێف به نهێنی مایه‌وه و له درێژه‌ی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی لێڵی و تیرۆری كوێردا ته‌قه‌ی له وه‌زیری ناوخۆش كرد و برینداری كرد. به‌ره‌ی شۆڕشگێڕیش ته‌نیا به وازهێنان له تیرۆر و دابڕانی ته‌واوه‌تی له‌و سیاسه‌ته‌ی كه ئازێفیش كاری پێده‌كرد توانی جێگه‌ی پێ له‌ق بكات و وابكات سیمای پشته‌وه‌ی نهێنییه‌كان ئاشكرا ببێت.
به‌ڵام ئازێف وه‌ك نوێنه‌ری چه‌شنێك ئه‌كته‌ر، كه ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت به‌رده‌وام به‌رهه‌می بێنێت، ئێستا له شێوه‌ی پۆلیسی پشته‌وه‌ی پۆلیسدا ده‌رناكه‌وێت، له ئێسته‌ی مه‌جازیبوونه‌وه‌ی جیهاندا، له سیاسه‌تی رزگاریده‌ر و بیركردنه‌و و حه‌قیقه‌ته‌وه تا سێكس و عه‌شق، ئازێف ده‌توانێ ساناتر كار بكات و سیما بگۆڕێت، ئازێفی هه‌نووكه‌یی ده‌توانێت له شێوه‌ی شاره‌زایه‌كی جیهانی مه‌جازیدا ده‌ركه‌وێت و نه‌ك دوو سیما، به‌ڵكو چه‌ندین سیما یان باشتر بڵێین بێ سیما ببێته‌وه، ده‌توانێ رۆژێ ده‌یان وێبلاگ و سایت بكاته‌وه و له هه‌ر یه‌كیانه‌وه به ناوێك و به گوتارێك و له به‌ره‌یه‌كدا بنووسێت، له ته‌له‌ڤزیۆنی جۆراوجۆر و ته‌نانه‌ت دژ به یه‌كتردا ده‌ربكه‌وێت و ته‌نانه‌ت ناویشی كاركردن بێت به شوناسی خز و سه‌ییالی لیبڕاڵی.
ئازێف ئێسته له جیهانی مه‌جازیدا ده‌بێته پاڵه‌وانی چه‌ندین كایه و سنووری هیچ كایه‌یه‌كیش ره‌چاو ناكات و كێشه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه میدیاكان وه‌ك یه‌ك به سه‌ریدا ده‌كرێنه‌وه، چون ئه‌و ئه‌م شته به‌رهه‌م دێنێت كه میدیای لیبڕاڵ و سیاسه‌تی توتالیته‌ر پێویستیانه: هات و هاوار.
ئازێفی ئه‌مجاره ده‌كرێت له هه‌فته‌یه‌كدا له VOA و SAHAR دا ده‌ربكه‌وێت و خاوه‌ن چه‌ندین دكتۆرانامه و شاره‌زایی و پسپۆڕی چه‌ندین كایه‌ی مه‌عریفی جۆراوجۆر بێت، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی سنوور و رێساكانی ئه‌و یاریانه و سه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی چالاكانی نێو ئه‌و كایانه كه‌م بكاته‌وه.
ئازێفی ئه‌مجاره ده‌كرێ له ته‌له‌ڤزیۆندا وه‌ك كه‌سێك كه ده‌توانێت خێرا و بێ بیركردنه‌وه و وه‌ستان بیر بكاته‌وه، مێژوونووس و قامووسنووس و ژوورنالیست و زمان‌ناس و سیاسه‌تزانیش بێت و، هیچیشیان نه‌بێت. كه‌سێك كه ته‌نیا تواناكه‌ی شاره‌زاییه له به‌رهه‌مهێنانی قسه‌دا، به‌تاڵ له هه‌ر چه‌شنه ئایدیایه‌ك، ئه‌و چه‌شنه قسه‌كردنه‌ی كه تایبه‌تمه‌ندیی هه‌موو توتالیه‌ره‌كان و شه‌یداكانیانه.
ئازێفی ئه‌مجاره پاڵه‌وانی فه‌زای مه‌جازییه، به ئاره‌زوویه‌كه‌وه بۆ بینینی شوێن ده‌ستی خۆی له هه‌موو جێگه‌یه‌كدا، ئه‌و ئاره‌زوه‌وی كه نموونه ئایدیاله‌كه‌ی كه‌سایه‌تییه تۆتالیتاره‌كانی مێژووی هاوچه‌رخن، كه شه‌یدای به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی سیمای خۆیان و بینینی سیما و ده‌ستی خۆیانن له هه‌موو جێگه‌یه‌كدا، له هیتله‌ره‌وه تاكو خامنه‌یی و سه‌ددام و بچووكترین سیمای ئه‌م ریزه. ئازێفی میدیازاد ده‌توانێت له چه‌ندین كایه‌دا قسه بكات و كه‌چی شاره‌زای هیچ یه‌ك له‌و كایه و بوارانه‌ش نه‌بێت.
پییه‌ر بۆردیۆ، كۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی، ئه‌م جۆره كه‌سانه كه رێساكانی كایه‌یه‌ك ده‌به‌نه نێو كایه‌یه‌كی دیكه‌وه به Collaborator ناو ده‌بات. مه‌به‌ستی بۆردیۆ له‌م ده‌سته‌واژه‌یه، ئه‌و نووسه‌ر و كه‌سانه‌ی ناو كایه‌ی مه‌عریفی و كولتوورین كه كاتی داگیركرانی ئه‌ڵمانیا له‌لایه‌ن نازیه‌كانه‌وه هاوكاری نازیه‌كانیان ده‌كرد و ده‌ڵێت ئه‌مانه بریتیبوون له‌و كه‌سانه‌ی كه به زۆری هیچ سه‌نگ و شوێن و ره‌واییه‌كیان لای هاوكارانیان نه‌بوو و بۆیه‌ش ساده ئاماده ده‌بوون هاوكاری نازیه‌كان بكه‌ن و ده‌ڵێت ئێسته ئه‌وانه‌ی سنووری كایه‌كان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن به هه‌مان میتۆدی ئه‌و كه‌سانه كار ده‌كه‌ن.
فه‌زای مه‌جازی هه‌نووكه‌یی ئاماده‌ی له‌دایكبوونی ئه‌م پاڵه‌وانه میدیازادانه‌یه، كه‌سانێك كه ده‌توانن بێ ره‌چاوكردنی سنوور و پێوه‌ره‌كانی كایه زانستییه‌كان، به به‌كارهێنان و تێكدانی چه‌ندین كایه، به شه‌وێك ببنه پاڵه‌وان. له هه‌رێمی كوردستان و به تایبه‌ت له كایه‌ی ژوورنالیستیدا ئاگامان له ده‌ركه‌وتنی زۆر له‌م كه‌سانه بووه، كه‌سانێك كه مادام سه‌نگێكیان له كایه‌كاندا نییه، بێ گوێدانه پێوه‌ره‌كانی كایه‌یه‌كی تایبه‌ت بوونه‌ته ره‌خنه‌گر و ژوورنالیست و لێكۆڵه‌ری ئیسلام و دواتر وه‌ك قوربانیش خۆیان نمایش كردووه، له كاتێكدا ئه‌مانه‌ن كه سه‌ربه‌خۆیی كایه‌كانیان تێكداوه( كه مشتومڕی دوو به‌ناو ده‌رنووسه‌ری دوو گوڤاری زه‌رد له چه‌ند مانگی رابردوودا و به‌زاندنی هه‌موو سنوورێكی كایه‌ی ژوونالیستی و ئه‌خلاقی دوا نموونه سووكه‌كانی بوون، دوو كه‌س كه له‌دواییدا خۆشیان وه‌ك قوربانی نمایش كرد و كه‌سێكیان ته‌نانه‌ت توانی خۆی هه‌ڵنكلشێنێت بۆ ئاستی پاڵه‌وانی ژوونالیزمی ره‌خنه‌گر).
له فه‌زای ئێسته‌ی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ئاگامان له ده‌ركه‌وتنی سیمایه‌كی تازه‌یه به ناوی (عیرفانی قانعی فه‌رد)، كه‌سێك كه وه‌ك شاره‌زای چه‌ندین بوار و كایه خۆی ده‌نوێنێت و ده‌توانێت له مینبه‌ری ته‌واو دژ به یه‌كدا ده‌ركه‌وێت و هاوكات قامووسنوس و ژوورنالیست و به‌م دواییانه‌ش مێژونووس بێت.
بۆ ئازێف ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكرد چ نێوه‌ڕۆكێكی ئایدۆلۆژی نه‌بوو، ئازێف له دوایین خاڵدا ته‌قه‌ی له وه‌زیری ناوخۆ كرد و ره‌نگه ئه‌مه‌ش كلیلی كردنه‌وه‌ی كۆی مه‌ته‌ڵه‌كه بێت. دوایین به‌رهه‌می قانعی فه‌ردیش وتووێژێكه له‌گه‌ڵ كه‌سێكی كۆنه‌ساواكیی به ناوی عیسا پژمان كه تێیدا هه‌ر وه‌ك ته‌قه‌ی ئازێف له وه‌زیری ناوخۆ، ناونیشانی وتووێژه‌كه نێوه‌ڕۆك و نه‌ستی عیسا پژمان و قانعی فه‌ردیش ئاشكرا ده‌كات، ناونیشانه‌كه به‌م شێوه داڕێژراوه "هه‌ستم ده‌كرد رێبه‌ری كوردستان‌م". ئازێف ئه‌وه ئازاری ده‌دات كه له دواییدا ئه‌و فه‌رمانبه‌رێكی نه‌ناسراو و بێ ئابڕووه و ته‌قه‌ی كرد، عیسا پژمانی كۆنه ساواكیی هێشتا دادگایی نه‌كراو، به‌م وته‌یه نه‌ستی خۆی ئاشكرا ده‌كات و نیشانده‌دات كه ئه‌و له دواییدا حه‌سره‌تی بووه جێگه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌وانه‌ی هه‌بێت كه سیخوڕییان به سه‌ره‌وه ده‌كات و خۆی ده‌زانێت كه ته‌نیا ساواكییه‌كی بچووكه و هیچیتر، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ناونیشانه و په‌نابردن بۆ عیسا پژمان جۆرێكی سه‌یر نه‌ستی قانعی فه‌ردیش ئاشكرا ده‌كات، واته ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی عیسا پژمان بێت، كه‌سێك كه به قه‌رار له پشته‌وه‌ی یاریه‌كانه و كه‌سیش پێی نازانێت، كه‌سێك كه به خه‌یاڵی خۆی ده‌توانێت یاری به هه‌مووان بكات و قه‌تیش سیما و ده‌ستی ئاشكرا نه‌بێت و به هیچ بزمارێك دانه‌كوترێت، ئه‌مه‌ش نێوه‌ڕۆكی كۆی Collaborator ه‌كانه، له گه‌وره‌ترینیانه‌وه تا بووده‌ڵه‌ترینیان، له ئازێفه‌وه تا ئه‌وانه‌ی به سیمای داپۆشراوه‌وه ئێسته له شه‌قامه‌كانی تاران ته‌قه له خه‌ڵكان ده‌كه‌ن و تا ئه‌وانه‌ی له پشتی به‌ڵگه‌نامه و ژێستی ئاكادێمیكدا بێ سه‌نگیی خۆیان له مه‌یدانه‌كه‌یاندا ده‌شارنه‌وه.
mtknotmt@gmail.com