ڕۆژی پێنجشەمەی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١٣-٥و دوای سەفەرێکی دە ڕۆژی بۆ کوردستان گەڕامەوە بۆ ھۆڵەندا. کەمجار کوردستانم بەو شێوە ناشیرینەی ئەم جارە بینیوە. لە سەفەرەکانی پێشوترمدا دەکرا پاساوێک بۆ ئەم یان ئەو ڕووداوی سیاسیو ئەم یان ئەو نوقسانیو خراپەکاری بھێنرێتەوە. دەکرا هەمان ئەو ڕەخنانە دووبارەبکەینەوە کە ساڵەهای ساڵە لە دەسەڵاتی کوردی دەگرین، ڕەخنە لە داگیرکردنی حیزب بۆ کۆمەڵگا، لە تێکەڵکردنێکی مافییانەی سیاسەت بە ئابووریی، لە باڵادەستکردنی شێوازێک لە گەشەکردن کە کوردستانی بە عەمەلی گۆڕیوە بۆ سوپەرمارکێتێکی گەورەی شتومەکی دەرەکی نالەبارو ئێکسپایەر. ڕەخنە لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگای کوردی بۆ لەشکرێک لە فەرمانبەری بێکارو دەستلەسەرسنگو بچووک، ڕەخنە لە دروستکردنی ئەو ئیمپراتۆریەتە ئیعلامییە زەبەلاحە ئاراستەکراوو زمانشکاوەی بەناوی حیزبەوە بیسمیلا دەکاتو بەناوی حیزبەوە قەزاوەت ئەھێنێتەوە. دەڵێم لەسەفەرەکانی دیکەمدا ڕەخنەی ئێمە وەک بەشێک لە ڕۆشنبیران ڕەخنە بوو لە دەسەڵاتێک لەسەر ئیهانەکردنو بچووکردنو بێکارکردنو بێماناکردنو سووککردنی کۆمەڵگا کاریدەکرد، بەڵام لەدوای کوشتنی سەردەشت عوسمانەوە ڕەخنەی ئێمە ناتوانێت لەهەمان چوارچێوەدا بمێنێتەوە. لەدوای ئەم کوشتنەوە ناتوانین بەهەمان زمان بدوێینو هەمان دیدگا دووبارەبکەینەوە. کوشتنی سەردەشت عوسمان پێنانە قۆناغێکی تازەیە کە تیایدا ھێزگەلێک ئامادەیە بۆنی خوێن نەک تەنها لە کردەوەکانی بێت، بەڵکو لەبیرکردنەوەو پلانو خەونەکانیشی. خوێن نەک تەنها لە ڕابووردوی ئەو ھێزەدا ئامادەبێت، بەڵکو لە ئێستاو بەتایبەتی لە ئایندەیدا. لە ئێستادا ھێزگەلێک هەیە تەنها بە ئیهانەکردنو بچووکردنو قێزەونکردنی کۆمەڵگا داناسکنێت، بەوەوە ناوەستێت دونیایەکی تایبەتو دابڕاو لە کۆمەڵگا لەناو کۆشکو شارە داخراوەکانی خەوندا بۆخۆی دروستبکاتو لەو کۆشکەکانەوە لە کەلاوەکانی ئەوانیدی بڕوانێت، بەڵکو گەیشتۆتە قۆناغێک نایەوێت گوێی لەھیچ نەغمەیەک بێت ئاشنا نەبێت بە گوێیو نایەوێت ھیچ شتێک ببیستێت بەشێک نەبێت لەو زمانو زەوقو ئاوازەی حەزی لە بیستنی هەیە. کوشتنی سەردەشت عوسمان نیشانیداین ھێزگەلێک هەن لەهەوڵی بێدەنگکردنو لەناوبردنو وێرانکردنی چالاکترین بەشی کۆمەڵگای ئێمەدان، کە نەوەی نوێیە. ئەمڕۆ ئەم ھێزە کەوتۆتە کوشتنو بێدەنگرکردنو لەناوبردنی ئەو نەوە نوێیەی لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستبووەو لە ئێستادا خەریکە دێتە قسەو باس لەو دونیا تاریکو ناشیرینە دەکات کە سیاسەتی کوردی بۆی دروستکردون. بەم مانایە کوشتنی سەردەشت عوسمان ڕووداوێکی ئاسایی نییە، کوشتنی ئەم گەنجە هەوڵدانە بۆ کوشتنی دەنگی نەوەیەک کە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی حیزبە باڵادەستەکانی کوردستاندا گەورەبووەو لەناو ئەو دونیایەدا ژیاوە کە حیزب لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستیکردوە.
مناڵە نائومێدەکانی ڕاپەڕین
سەردەشت عوسمان سەر بەو نەوەیەیە کە لە سەرەتای ڕاپەڕیندا لەدایکبوو، لە ڕاپەڕیندا زمان فێربووو هەر لە ڕاپەڕینیشدا کەوتە سەرپێو هەنگاوە سەرەتاییەکانی خۆی نا بۆ ناسینی دونیاو ناسینی وڵاتەکەیو ناسینی ئەوانەی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن. ھێزە سیاسییە باڵادەستەکانی کوردستان هەوڵێکی زۆریان دا ئەم نەوە تازەیەی مێژووی ئێمە بەوشێوەیە پەروەردەکەن کە هەموو خراپەکارییەکانیان بەناوی دەسکەوتەوە لێقبوڵبکەن، حیزب وەک دایکو باوک وێنابکەن، سەرکردەکان وەک کەسانی موقەدەس ببیننو مامەڵەبکەن. حیزب زۆر هەوڵیدا ئەم نەوەیە بکاتە نەوەیەکی دەستەمۆکراوو قورمیشکراوی ناو دەزگاو ڕێکخراوو ڤێستیڤاڵە زۆرەکانیان، بەڵام سەردەشت عوسمان نیشانیداین چ خوێنێکی یاخی لە جەستەی ئەم نەوە نوێیەدا دەجوڵێت. چ پێداگرتنێک لەسەر دەنگو ڕەنگو دیدو خەونی تایبەت لە ئیرادەی ئەم نەوەیەدا ئامادەیە. سەردەشت عوسمان کوڕی ئەو مێژووە تاریکەیە کە کوردستانی دوای ڕاپەڕینی کردە ماڵێکی حیزبی داخراوی لێوانلێو لە ھێزی پڕ تەماحو پڕ ناشیرینیو پڕ ڕق. سەردەشت عوسمان دەنگی نەوەیەکە بێزار لەو دونیایە تا ڕادەی ئامادەبوون بۆ مردن لەپێناوی دەربڕینی ئەو ناڕەزایەتییەدا. ڕەنگە لە مێژووی کوردا کەم نەوە هەبێت بەقەد نەوەی سەردەشت عوسمان، نەوەی ئەو مناڵانەی لە ڕاپەڕیندا لەدایکبوون، نەوەیەکی نابەختەوەرو توڕەو نائومێد بن، نەوەیەک توڕە لەو دونیایەی کەمترین ڕێز بۆ ویستو خەونو چاوەڕوانییەکانیان دانانێت. دونیایەک کە سیاسییەکانی کورد لە هەولێرو دھۆکو سلێمانیدا دروستیانکردوە نەک دوژمنەکانی کورد.
بەر لە نەوەی سەردەشت عوسمان
من کە لەسەرەتای ساڵانی شەستدا لەدایکبووم، یەکەمین ساتەوەختی کرانەوەی وشیاریم لە تێکشکانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٥ ەوە دەستیپێکرد. هەرەسی ئەو شۆڕشە گەورەیە یەکەمین کارەساتی سیاسی بوو کە نەوەی من ئەزموونی کرد. ئەو وێنەیەی لە خەیاڵی مناڵانو گەنجانی ئەو نەوەیەدا چەسپا وێنەی ئەو جەنگاوەرە خەمبارانەبوو کە لە شاخەکانەوە دادەبەزینو بە تراکتۆر دەگواسترانەوە بۆ بەردەمی دەزگا ئەمنیو سەربازییەکانی بەعس. وێنەی ئەو جەنگاوەرانەی بەڕیزی درێژ دەوەستانو بەناچاری چەکەکانیان تەسلیم بە ھێزەکانی حکومەتی بەعس دەکردەوە. جەنگاوەرانێک کە ناچارکرابوون قسە بەخۆیانو بە شۆڕشکەیان بڵێنو باس لە هەڵەخەڵتاندنو تۆبەکردنو گەڕانەوە بۆ باوەشی حکومەت بکەنەوە. ئەوەی نەوەی من لە مناڵی خۆیدا بینی وێنەی ئەو جەنگاوە خەمبارانە بوو کە تاڵیی تێکشکانی شۆڕشو تاڵیی سەرکەوتنی دوژنمەکانی کوردیان چەشت.
لەگەڵ کەوتنی شۆڕشی ساڵی حەفتاو پێنجدا دوو دیوی هاوکێشەیەک بۆ نەوەی ئێمە ئاشکرابوو. لەسەرێکەوە میللەتێکمان بینی دەیەوێت بەهەر نرخێک بووە ئازادبێتو لەپێناوی ئەم ئازادییەشدا تا دواهەمین دڵۆپی توانای دەجەنگێت، لەسەرێکی دیکەوە دوژمنێکمان ناسی بەهەمانئەندازەو سەرسەختانەتریش بەگژ ئازادیو دادپەروەریدا دەچێتەوەو سڵیش لەوە ناکاتەوە هەموو ئامرازێک بۆ کوشتنی ئەو ویستی ئازادیو ویستی دادپەروەرییە لە کوردستاندا بخاتەکار. ئیدی لە بەکارھێنانی تازەترین شێوازی چەکو تەکنیکی جەنگییەوە بیگرە، بۆ کڕینی ویژدانو کڕینی باوەڕو هەڕەشەکردنو نانبڕینو ڕاوەدونانی ئەوانەی کە ئامادەنین بڕواو ویژدانیان بفرۆشن. نەوەی ئێمە نەوەی بەریەککەوتنی دوو دیوی هاوکێشەیەکی ھێجگار سەختبوو لەگەڵ یەکدا، هاوکێشەی کوردبوون بەرامبەر بە هاوکێشەی بەعسیبوون. هاوکێشەی ئازادیی بەرامبەر بە هاوکێشەی تەسلیمبوون.
بێگومان نەوەی من لەوەدا بەختەوەر بوو کە شۆڕش جارێکی دیکەو بەخێراییەکی سەرسوڕھێنەر دروستبووەوە. شاخەکان پڕبوونەوە لە پێشمەرگەو جارێکی دیکە ویستی ئازادبوون کەسانێکی دروستکرد بخوازنو بتوانن شەڕ بۆ ئازادی بکەنەوە. دروستبوونەوەی شۆڕش لەدوای هەرەسی حەفتاو پێنجەوە ھێزێکی گەورەی بە ئیرادەی نەوەی من بەخشییەوە، جارێکی دیکە ئەو هەستەی لادروستکردینەوە کە دەتوانین خۆمان مێژووی خۆمان دروستبکەین، جۆرێک لە کوردبوون بەرهەمبهێنین یەکانگیربێت لەگەڵ ماناکانی خۆشویستنی دونیاو خۆشویستنی ژیانو خۆشویستنی ئازادیو خۆشویستنی سەربەخۆییدا. ئەم بەھێزبوونەوە نوێیەی باوەڕو ئیرادە بوو وایکرد ژمارەیەکی زۆری کەسانی سەر بەنەوەی من ببن بە پێشمەرگەو ببن بە سوتەمەنی شۆڕشێکی تازە لە شاخەکانی کوردستاندا. بێگومان من لێرەدا باس لە خورافەتو هەڵە گەورەکانی شۆڕش ناکەم، لەوە نادوێم ئایا ستراتیژیەتی خەباتی چەکدار لەشوێنی خۆیدابوو یان نا، باس لە ناعەقڵانیەتی شەڕکردنی ئەم ھێزی کوردی لەگەڵ ئەویدیکەیاندا ناکەم، لەو هاوپەیمانییەتیانە نادوێم کە ئەم ھێزی کوردستانی دەکردە دوژمنی سەرسەختی ئەودیکەیان، باس لە تەماحی ھێزە سیاسییەکانیش ناکەم بۆ تاپۆکردنێکی هەتاهەتایی مەسەلەی کورد. ئەوەی من لێرەدا لێی ئەدوێم دروستبوونی دۆخێکی دەرونیو ڕۆحی تازەبوو لای نەوەیەک کە هەرەسی شۆڕشی حەفتاو پێنج، منداڵییانی پڕ کرد لە وێنەی تراژیدیی ئینسانو کۆمەڵگایەکی وێرانبووو تێکشکاو. دۆخێکی دەرونی کە دەکرا دۆخی تەسلیمبوونێکی هەمەلایەنەو یەکجارەکیو ترسناکی لێبکەوێتەوەو مێژووی ئێمە لەبەردەم قامکەکانی بەعسدا، بکاتە تابلۆیەکی بێڕۆح. تابلۆیەک بەعس چۆنی بوێت وا بکێشێت، کوێی بوێت بە ڕەش بۆیەی بکاتو کوێشی نەوێت وەک بۆشایی بهێڵێتەوە، گەر حەزیش بکات سەرجەمی تابلۆکە لنگەوقوچ هەڵبواسێت.
جارێکی دیکە دەیڵێمەوە نەوەی ئێمە لەوەدا بەختەوەر بوو کە شۆڕشو یاخیبوون سەرلەنوێ بەرپاکرایەوە. لە ئاستە ڕۆحیو دەرونییەکەیدا بەرپابوونەوەی شۆڕش ئەو مناڵییە تێکشکاوو ترسێنراوەی ئێمەی دوای هەرەسی حەفتاو پێنجی سەرلەنوێ دروستکردەوە، مناڵی ئێمەی پڕکردەوە لەئومێدو خەونو چاوەڕوانی گەورە گەورە. سەرجەمی قۆناغی ناوەندیو دواناوەندیو زانکۆی ئێمە پڕ بوو لە ئومێدە گەورەکانی شۆڕش، ئومێدی دروستکردنی دونیایەکی تازە کە دەستەکانی شۆڕش خۆی خشتو بەردو کۆڵەکەکانی دروستبکاتو خۆشی بناغەکانی دابڕێژێت. حەز ناکەم خوێنەر ئەم قسانەی من وەک گۆرانی ووتن بۆ شۆڕش تێبگات، من مەدحی ئەو کردە توندوتیژو پڕ خوێنو پڕ کارەساتە ناکەم کە ناوی یاخیبوونی چەکدارە، وەک چۆن بەھیچ جۆرێک هەوڵی نرخاندنو داوەریکردنی ئەو مەسەلەیەش نادەم. من لێرەدا باس لەو گۆڕانە خێراو لەزۆر ڕووەوە ئەفسانەییانە دەکەم کە بەسەر ڕۆحی نەوەی ئێمەدا هات وەک مناڵانی نەتەوەیەکی بریندار لەنێوان دوو ساتەوەختی گەورەی نائاساییدا: ساتەوەختی هەرەسهێنانی شۆڕشێکو ساتەوەختی دروستبوونەوەی شۆڕشێکی دیکە. من لێرەدا کە باس لە شۆڕش دەکەم قسەم لە شۆڕشە وەک کردەیەکی ئیرادەگەرانە کە بەر لەهەموو شتێک ڕێز بۆ ئیرادەی یاخیبوونی کۆمەڵگاو یاخیبوونی نەوە نوێیەکان دەگەڕێنێتەوە، ڕێز بۆ خەونەکانی کۆمەڵگاو تواناکانی لە وێناکردنی دونیایەکی دیکەو ژیانێکی دیکەو جۆرێکی دیکە لە شوناسو ئینسانبووندا دەگێڕێتەوە. قسەم دەربارەی شۆڕش قسەیە دەربارەی بەریهککەوتنی ئیرادەی ئینسانو ئیرادەی کۆمەڵگایە لەگەڵ ئیرادەی هەموو ئەو ھێزانەی دژ بە ئینسانو دژ بە کۆمەڵگا کاردەکەن. شۆڕش وەک دیوی ئەودیوی ئومێدو خەونو چاوەڕوانی گەورە.
ئەم بەرچاو ڕوونییە بوو وایکرد نەوەی ئێمە هەرەسی شۆڕشی ساڵی حەفتاو پێنج وەک یەکێک لە ڕێکەوتە ناماقوڵو فێڵە ناشیرینەکانی مێژوو ببینێت، وەک هەرەسێکی ناهەقو چاوەڕوان نەکراوی جەنگاوەرانی ئازادی لەبەردەم ھێزەکانی دژ بە ئازادیدا وێنابکات. یاخود ئەو هەرەسە وەک نوچدانێکی کاتی ببینێت بەر لە هەستانەوەیەکی ڕاستەقینەو ئیرادەگەرانە. ئەمە بوو وایکرد لای نەوەی من سنووری جیاکردنەوەی ئازادی لە نائازادی، باش لە خراپ، ڕاست لە هەڵە، ئاسان بێت. بۆ نەوەی من شتەکانو ماناکانو سنوورەکان بەیەکدی تێکەڵ نەبووبوون. لەناو هەموو کارەساتەکانی ساڵانی هەفتاو هەشتادا، لەناو ساڵە پڕ ڕقو کوشتنو سوکایەتیکردنەکانی بەعسدا بە ئینسان، لە ساڵانی گەورەبوونی دەسەڵاتی ڕژێمەکەی سەدامو گەورەبوونو هەڵئاوسانی دەزگاکانی ئەمنو ئیستیخباراتو ھێزە سەربازییە تۆقێنەرەکانی بەعسدا، لەساڵانی هەڵئاوسانی سەرەتانییانەی حیزبی بەعس خۆشیدا بۆ هەڵلوشینی کۆمەڵگای عێراقیو داگیرکردنی زۆربەی هەرەزۆری ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیان لەو کۆمەڵگایەدا، دەڵێم ھێشتا لەناو ئەو ساڵە تاریکانەدا نەوەی ئێمە لەوەدا بەختەوەر بوو کە دەیتوانی بە ئاسانی چاکە لە خراپەو ڕاست لە هەڵەو ڕوناکی لە تاریکی جیابکاتەوە. شتێک ھێشتا هەبوو ناوی شۆڕشو خەونو بەرپرسیارێتیو ئەخلاقی سیاسیو شتی دیکەی لەم بابهتە بوو. ئینسان ناچاردەبوو شتێک بکات کە خۆی قەناعەتی پێنەبوو، بەڵام لەناوەوەڕا ھێشتا سنوورەکانی جیابوونەوەی چاکە لە خراپەو ڕاست لە هەڵەو ڕوناکی لە تاریکی بەیەکدی تێکەڵ نەبووبوون.
نەوەی سەردەشت عوسمانو
کوردبوون وەک نەعلەت
یەکەم شت نەوەی سەردەشت عوسمان، واتە نەوەی دوای ڕاپەڕین، لەناو ساڵە تاریکەکانی دونیای دوای ڕاپەڕیندا ڕووبەڕووی بوونەوە، تێکەڵبوونی سنوورەکان بوو بەیەکدی، نەمانی حەڵاڵو حەرامی سیاسیو نەمانی لانی هەرەکەمی ئەخلاقی سیاسی بوو. دروستبوونی شێوازێک بوو لە کوردبوون لەدەرەوەی ئیرادەو لەدەرەوەی بەرپرسیارێتیو لەدەرەوەی ئومێدو لەدەرەوەی خەونی بونیادنانی دونیایەکی جوانترو ئینسانیتردا. ئاشکرایە کوردبوون بەدرێژایی مێژووی سەدەی بیستەم بارێکی قورسبووە بەسەر نەوە جیاوازەکانی مێژووی ئێمەوە، بەڵام تا سەردەمی نەوەی سەردەشت عوسمان کوردبوون مانایەکی پۆزەتیڤی هەبووەو لەزۆر کاتدا یەکسانبووە بە شێوەیەک لە شێوەکانی شەڕکردن بۆ ئازادیو دادپەروەری. ساڵە تاریکەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین کوردبوون دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە نەعلەتی سیاسیو ئەخلاقی. کوردبوون یەکساندەکات بە لەدەستدانی هەموو متمانەیەک بە خودو بە نیشتمانو یەکسانی دەکات بە سوکایەتی کردنێکی گەورە بە ژیانو بە ئازادیو بە مافو بە دادپەروەری. ناشیرترین ساڵانی مێژووی هاوچەرخی کورد ساڵانی دونیای دوای ڕاپەڕینە. لەو ساڵانەدا مێژووی ئێمە بەتاڵدەبێتەوە لە ماف، لە نرخ، لە ئەخلاق، لە ئازادیو لەهەر بەهایەک بکرێت ئینسانی ئێمە وەک ئینسان تەماشا بکاتو کوردستانیش وەک نیشتمانێکی نەتەوەیی مامەڵەبکات. ساڵانی دونیای دوای ڕاپەڕین، تا ئەمڕۆکەش، ساڵانی ناپاکیکردنێکی بەردەوامە لە زۆربەی بەها ڕەمزیو سیاسیو ئەخلاقیو ویژدانییەکانی ئەو شتەی ناوی مەسەلەی کوردە. ساڵانی سوکایەتیکردنێکی تەواوە بەسەرجەمی بەهاکانی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی میلەتی ئێمە. دونیای دوای ڕاپەڕین، دونایەیەک سەردەشت عوسمانو هاوڕێکانی تێدا گەورەبوون، دونیای دروستبوونی نوخبەیەکی سیاسییە نیشتمان وەک بازاڕێکی گەورە دەبینێت بۆ فرۆشتنی هەمووشتێک، لە نەوتەوە بۆ ئەخلاق.
نەوەی سەردەشت عوسمان نەوەیەکە شۆڕشەکانی کوردی نەبینیووە، بەڵام گۆڕانی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێیان بۆ سەرمایەدارو گەندەڵەکانی ئەمڕۆ بینیو. ئەم نەوەیە بۆ ساتێکیش نیشتمانێکی نەتەوەیی یەکگرتووی نەبینیوە، بەڵام دابەشکردنی نیشتمانیان بۆ دوو ئیمارەتی حیزبی بینیوە، ئیمارەتێک لە هەولێرو دھۆکو ئیمارەتێک لە سلێمانی. نەوەی سەردەشت عوسمان کاری ئیرادەگەرانەی ئینسانی کوردیان لەسەر مێژووی خۆی نەبینیوە، بەڵام نوخبەیەکی نەوتفرۆشی بینیووە کە جوڵەی پارەکانیان لە بیرە نەوتەکانی کوردستانەوە دەستپێدەکاتو بە ئێرانو تورکیاو سوریادا تێدەپەڕێت بۆ ناو قاسەی بانکە گەورەکانی ئەوروپا.
ڕەنگە نەوەی سەردەشت عوسمان یەکەمین نەوەی مێژووی هاوچەرخی ئێمەبێت کە بێ ھیچ پەردە پۆشییەک کۆتایی زۆربەی هەرەزۆری حەڵاڵو حەرامە سیاسییەکانی بزوتنەوەی نەتەوایەتی کوردیان بینیووە. ئەم نەوەیە بەدرێژایی ساڵانی دوای ڕاپەڕین، لە شەڕی ناوخۆوە بۆ دزینی بەبەرنامەو بەردەوامی بەروبوومی وڵات، ڕۆژانە دەیانبینی چۆن هەموو حەرامە سیاسییەکانی مێژووی نەتەوەیی ئێمە خرانە ژێر پۆستاڵو پێڵاوی ئەو جەنگاوارەنەوە کە لەهەولێرەوە هاتن پەلاماری سلێمانیان داو ئەوانەشی لە سلێمانییەوە پەلاماری هەولێریاندا. ئەم نەوەیە بینیان چۆن پارەی زۆرو زەبەلاحی وڵات بە ئارەزووی سەرکردە سیاسییەکان بەفیڕۆ ئەدرێتو چۆن ھیچ سیاسییەکی دەرەجە پێنجی ئەو وڵاتە لەسەر ئەم مەسەلەیە بۆ دەقیقەیەکیش لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە. ئەم نەوەیە بینیان چۆن پیاوە ناشیرینە جۆربەجۆرەکانی مێژووی ئێمە، ئیدی لەبەشداربووانی مێژووی درێژیی جاشایەتییەوە بیگرە تا بەشداربووانی تاوانە گەورەکانی ئەنفال، دەڵێم ئەم نەوەیە بینیان چۆن ئەم پیاوانە بوونە پیاوە گەورەو شوێن ڕێزەکانی دونیای دوای ڕاپەڕینو موچەو شەھیدانە بۆ جاشە مردوەکانو پلەو پایەش بۆ زیندوەکان دانرا. ئەم نەوەیە بینی چۆن نوخبەیەک بە خێراییەکی سەرسوڕھێنەرو لەدەرەوەی هەموو چاودێرییەکدا دەوڵەمەند دەبێتو لە کۆشکو تەلارو شاری خەونەکاندا دەژی، کەچی بە هەزاران گەنج بێکارو بێ یارمەتی دەمێننەوەو ناتوانن سەرەتایترین پێداویستییەکانی ژیان دابینبکەن. ئەم نەوەیە بینیو دەبینێت چۆن لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا ڕۆژانە چەندان ئافرەتی گەنجو بێتاوان دەکوژرێنو چۆن چەندانێکی دیکە ناچار بە خۆسوتاندنو خۆکوشتن دەکرێن. یەکێک لە ئافرەتە چالاکوانەکان پێیوتم ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیدا لە ١٨ ساڵی دونیای دوای ڕاپەڕیندا لە سێ پارێزگا ڕزگارکراوەکەی هەرێمدا کوژراون، گەورترە لە ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لەژێر ناوی کوشتنی ئافرەتی سیحربازدا لەماوەی دوو یان سێ سەدەی مێژووی هەموو ئەوروپادا کوژراوە. نەوەی سەردەشت عوسمان بینی چۆن هەموو پۆستە سیاسییە گرنگەکان، لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات، چۆن هەموو پۆستە ئیدارییەکان، چۆن هەموو سەفەقە ئابورییە گرنگەکان، چۆن پۆستە سەربازییەکانو ناسەربازییەکان دران بە مناڵی بەرپرسە حیزبییە گەورەکانو چۆن بە بەرچاوی ئەم نەوەیەوە ئەوەی سەر بە بازنە تەسکەکەی دەسەڵاتدادارنی ئەم وڵاتە نەبێت ئایندەیەکی شایستەی باسکردنی نابێت. نەوەی سەردەشت عوسمان بینیانو دەبینن چۆن حیزب بۆتە خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی ئیعلامی گەورەی پڕ لە قسەو باسو بابەتی بۆشو بەتاڵو لە قاڵبدراو، چۆن درۆ وەک هەقیقەتو هەقیقەت وەک درۆ لەو دەزگا ئیعلامییانەدا بەخەڵک دەدرێت، چۆن تەزویر وەک خۆشەویستی بۆ حیزبو چۆن دەنگنەدان بەم یان بەو حیزب وەک خیانەت بەنەتەوەو بە شەھیدان نیشانئەدرێت. نەوەی سەردەشت عوسمان بینی چۆن نەک تەنها هەر حیزبێک، بەڵکو هەر هەر باڵێک لە باڵەکانی حیزب، تەنانەت هەر پیاوێکی ڕیزی پێشەوەی ڕیزەکانی حیزب دەزگای ئیعلامی تایبەتو لەشکرێک کارمەندی گوێڕایەڵی خۆی هەیە کە بەپێی ویستو ئارەزوو زەوقی ئەو باڵو سەرکردەو بەرپرسە دەدوێنو دەنووسن. ئەم نەوەیە بینیان چۆن لەسایەی ئەم ئیعلامە تۆتالیتارییە نابەرپرسەدا فاسیلەیەک بۆ قسەی دیکەو دیدی دیکەو ڕاستی دیکە نەماوەتەوە.
تینویەتی نەوەی سەردەشت عوسمان بۆ قسەکردن، بۆ ئازادی ڕادەربڕین، بۆ وتنی ئەو شتانەی کە دەیانەوێت بیڵێن، بۆ باسکردنو نووسینی شتگەلێک کە سەرۆکەکان پێی قەڵس دەبن، پەیوەندی بە دروستکردنی ئەو دونیا ناشیرینەی دوای ڕاپەڕینەوە هەیە. دونیایەک کە میدیای حیزب وەک بەهەشت نیشانی ئەداتو سیاسییەکانی ناو ئەو دونیایەش وەک فریشتەو خەڵک وەک گێلو نەزانو بێئاگا نیشانئەدات. ئیعلامێک هەموو دەنگێکی دەرەوەی خۆی، هەموو نووسینو هەواڵو شیکردنەویەک، بە زمانی ئەوان نەنووسرابێتو نەگوترابێت، وەک نووسینو هەواڵو شیکردنەوەی گومانلێکراو مامەڵەدەکەن. نەوەی سەردەشت عوسمان نەوەیەکە لەناو ئەم خنکاندنە ئیعلامییەی دەنگی ناڕەسمیو دەنگی ئازادی دەرەوەی حیزبەکانەوە هاتووە.
نەوەی سەردەشت عوسمان نەوەیهکن زۆربەیان باوکیان پێشمەرگەی شۆڕشەکانی کوردبوون لە قۆناغەکانی پێشوتردا، ئەمان کوڕە پاکەکانی باوکانێکی پاکن کە کوردبونی خۆیان وەک بەرپرسیاریەتیو وەک ئامادەگی بۆ قوربانیدانو وەک خەونبینین بە ئازادییەوە مامەڵەکردوە. بەڵام چونکە کوردبوون لەمڕۆدا ئەم مانایانەی لەدەستداوە کە ئەو باوکانە شەڕیان بۆکردووە، بۆیە کوڕەکان نەک پاداشتی خەباتی باوکانیان وەرناگرن، بەڵکو بێدەنگ دەکرێن، لێیان ئەدرێت، لەم شارەوە بۆ ئەو شار ڕاودەنرێن، گەر ئەمانەش دادی نەدا ئەوا مەخزەنێک فیشەک بە دەمیاندا دەکرێتو دەکوژرێن.
مۆدێلی شێخە نەوتاوییەکانی خەلیج
ئەمڕۆ کە خەڵکی زۆرێک لەناوچەکانی کوردستان هاتونەتە سەرجادەو دژ بە بکوژانی سەردەشت عوسمان خۆپیشاندان دەکەنو ناڕەزایی دەردەبڕن، ئەوان ناڕەزایی تەنها بەرامبەر بە بیرۆکەی کوشتنی ناهەقو بەربەریانەی گەنجێک لەسەر چەند دێڕێک نووسین دەرنابڕن، ئەوان ناڕەزایی بەرامبەر بە دونییایەک دەردەبڕن کە دونیای سەدانو هەزاران گەنجی خەمبارو نائومێدیی وەک سەردەشت عوسمانە. ناڕەزاییەکانی ئەمڕۆکەی کوردستان ناڕەزاییە بەرامبەر بە نوخبەیەکی سیاسیو بە دونیایەک کە نایانەوێت ھیچ خەونو ھیچ چاوەڕوانییەکی گەورەو عەقڵانی بەنەوە نوێکان نیشانبدەن لە کاتێکدا ئەو نەوانە بەچاوی خۆیان دەبینن چۆن نیشتمانەکهیان بەبەردەوامی ئەدزرێت. تاوانبارکردنی ئەم ناڕەزاییە بەرفراوانە بەوەی گوایە دەستی دەرەکیان لە پشتەوەیە، یان گرێدانی ئەم ناڕەزاییانە بە ھێزێکی سیاسی دیاریکراوەوە، یان نیشاندانی وەک ئەوەی بەشێک بێت لە پیلانێکی گەورەی دژ بە کورد، یان بەستنەوەی بە ویستی ئاژاوەنانەوە، تاوانبار کردنێکی نابەپرسیاری بەشە هەرە زیندوەکەی کۆمەڵگای ئێمەیە کە بەرگری لە رووە پاکو ئینساندۆستەکەی مێژووی ئێمە دەکات.
کوردستان تا دێت لەوە دەکەوێت وڵاتی نەتەوەیەک بێت ڕۆێک لە ڕۆژان خەونی بە ئازادییەوە بینیبێت، وڵاتی گەلێک سەدەیەک بۆ سەربەخۆیی شەڕیکردبێت. ھێزگەلێک هەن کوردستان بەرەو ئەوە دەبەن ببێتە کۆپییەکی خراپی هەندێک لە وڵاتەکانی کەنداو، بەرەوە ئەوەی سەرۆکو پیاوە باڵادەستەکانی کوردستان لەسەر مۆدێلی ئەمیرو شێخەکانی سعودیەو قەتەرو کوەیت دروستبکەن. تراژیدیاو کارەساتی گەورە ئەوەیە میللەتێک سەدەیەک بۆ ئازادی شەڕیکردبێت، کەچی ڕژێمە سیاسییەکەی بیەوێت لاسایی مۆدێلی شێخە نەوتاوییەکانی سعودیەو کەنداو بکاتەوە.
سهرچاوه: ئاوێنه