سۆزی موزیك و گۆرانی فۆلكلۆری كوردی هاندەری سەرەكی قەوامی بوو كە بۆماوەی 5 ساڵ ناوچەكانی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان بگەڕێت و بەكامێراكەی ئەو كەلەپوورە نەتەوەییە وەك دۆكیومێنتێك تۆمار بكات و بیانپارێزێت، فیلمی دۆكیومێنتی (قالە مەڕە)ش یەكێكە لەو كارانەی كە قەوامی پێش كۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە دروستیكردووە.
لەگەڵ دەستپێكردنی فیلمەكە، لەسەر سكرینەكە بەزمانی فارسی دەنووسرێت (بە نام خدا) دواتر لەیەكەم گرتەی فیلمەكەدا رووخساری قالە مەڕە دەردەكەوێت و هەرخۆی دەڵێت " ئەرێ كاكە گیان راستە دەڵێن قالە مەڕە مردووە"، لەگرتەی دواتر قالە مەڕە شمشاڵ دەژەنێت، لەوكاتەدا كەوێك لەناو دیمەنی چیاكانی كوردستان دێتە سەر سكرینەكەو دەنگی قاسپەی لەگەڵ شمشاڵی قالە مەڕە تێكەڵاو دەبێت و میلۆدییەكی چێژبەخش دروست دەكەن.
(قالە مەڕە)، فیلمێكی دۆكیومێنتارییە، لەدەرهێنانی فیلمسازی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان حەمید قەوامی و لەسەر ئەركی خۆی دروستیكردووە، سینەماكار ئیبراهیم سەعیدی وەك راوێژكار لەفیلمەكەدا بەشداریكردووە، قەوامی لەساڵی 1976 لەگەڕەكی ئاغازەمان لەشاری سنە لەدایكبووە، 17 ساڵە خەریكی كاری سینەماییە و تا ئێستا نزیكەی 14 بەرهەمی لەكورتە فیلم و فیلمی دۆكیومێنتاری و ئەڵقەی درامی دروستكردووە، هاوكات لەگەڵ چەندین دەرهێنەر لەوانە بەهمەنی قوبادی كاریكردووە.
قەوامی بۆ دروستكردنی فیلمەكەی چەندین جار سەردانی شاری بۆكان دەكات بۆئەوەی مامە قالە رازی بكات وێنەی بگرێت، لەگوندی حەمامیان كە پاشماوەی بەفر بە زەوییەكەوە دیارە، لەماوەی 22 خولەكدا قەوامی لەزمانی قالەمەڕەوە بەشێك لەچیڕۆكی ژیانی ئەو كابرایەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە زۆرجار بە (پەیامبەری شمشاڵ و ئیمپراتۆری شمشاڵ و ئەفسانەی شمشاڵی كوردی) ناوزەدكراوە.
كامێراكەی قەوامی بەدوای قالە مەڕەوەیە، دەچێتە دەرەوە و وەك هەمیشە بەرەو گۆڕستانی حەمامیان كە شوێنەوارێكی دێرینە لەگوندی حەمامیان دەڕوات و بەدەم رێگاوە لەناو گۆڕستانەكە دەڵێت"خودا شمشاڵی بە من داوە مێژووی باوك و باپیرانمانە، هەر شتێك روح پێی خۆشبوو سوودی لێوەردەگرێت، روح پێی گەرد و زیندوو دەبێتەوە، شمشاڵ لێدان ئاوازێكی خۆشە، تینوێتی روح دەشكێنێ، من لەبەرئەوەی دەست بۆ هیچ شتێكی دیكە نابەم غەیری شمشاڵەكەم نەبێت، لەشمشاڵەكەش زیاتر هیچ شتێكی دیكەم نەكردووە، لەزەمانی جحێڵیمەوە لەگەڵ ئەو شمشاڵە ژیاوم و لێمداوە، لەكوچە و كۆڵان و خیابانەكان، لەدەشت و سەحرا بێت هەر منداڵێك پێی گوتبم لێمداوە و دڵم نەشكاندووە"، دوای گەڕانێك بەناو گۆڕەكاندا لەكونجێك دادەنیشێت و دەست بە شمشاڵژەنین دەكات، پاشان دەچێتە سەر گۆڕێك و لەسەر كێلەكە چەند ماچێكی وێنەكە دەكات و دەڵێت "بە قوربانت بم، كاك سوار ئیلخانیزادە منی كردە پیاو بۆ رادیۆی تارانی بەشی كوردی و رادیۆی سنە و كرماشان، هاوكاری زۆری كردم".
قالە مەڕە كە 21/5/2009 كۆچی دوایی كرد، هەتا تەمەنی 74 ساڵی ژنی نەهێناو هەموو خۆشەویستی ژیانی لەشمشاڵ لێدان و گێڕانەوەی چیرۆكی ژیانی گەلەكەی دیتوتەوە، 77ساڵ شمشاڵ ژەنین و بێزار نەبوون دەبێ نهێنییەكی گەورەی تێدا بێ، نهێنییەك كە تەنیا خۆی دەیتوانی بیدركێنێ! نهێنییەك كە لەلای زۆربەی هونەرمەندانی گەورەی دنیا هەبووەو هەیە، هونەرمەند برایم فەرشی لەدوای مەرگی ئەو پیاوە دەنووسێت "ئەو پەیامبەرە وەك زەردەشت بەردەباران نەكرا، بەڵام لەئامێزیش نەگیرا".
قەوامی دەڵێت كە گوێم لەقسەكانی بوو چەندینجار لەپشت كامێراوە فرمێسكم رژاند، باسی ئەو رووداوانەی دەكرد كە بەسەری هاتوون، بەڵام ئەو مرۆڤە گەورەیە ئەوەندە رۆحێكی سووك و دڵێكی ناسكی هەبوو بەراستی پیاوی ئاوام نەدیبوو لەئاستێكی بەرزدا بێت و لەهەلومەرجێكی لەو شێوەیەدا بژیت، ژیانێكی سەختی هەبوو، حەمید قەوامی دەڵێت "بەداخەوە هونەرمەندی كورد تا لەژیاندا ماوە حورمەتی ناگیرێت".
سهرچاوه: ئهرشیڤی رۆژنامهی روودا