بەبڕوای من ئێمە پێکڕا بەردەوام قسە لە زنجیرێکی نهێنی دەکەین. زنجیرێک کە دەست و ڕۆحمان دەبەستێت. زنجیرێک کە هەریەکێک لە ئێمە لە زەمانێکی نادیار و لە کاتێکی نادیاردا کراوەتە لەشمان و کراوەتە ڕۆحمان. زنجیرێک کە هەریەکەمان بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین...
هەندێکمان عاشقی زنجیرەکەی خۆیەتی، واتە نەوەک تەنها هەست بە بوونی ناکات، بەڵکو لە جەوهەردا وەک زنجیر نایبینێت، زۆرجار ناوی عەشق، وەفا، خواست، ئارەزووی لێدەنێت، هەندێکیشیمان لە ناو ئازار و گینگڵی ئەبەدی پساندنی زنجیرەکەی خۆیدا دەژی.
زنجیر دواجار ئامێرێکە دەتبەستێتەوە بە شتێکەوە کە یان دەتەوێت لێی ڕابکەیت یاخود دەتەوێت هەرگیز لێت دوور نەکەوێتەوە. واتە زنجیر لە یەک کاتدا دوو سەمبولی گەورەیە، هەم سەمبولی کۆیلەیەتییە، هەم سەمبولی نزیکی و تواندنەوە و لێک نەترازانیشە.
دستۆفسکی لە ڕۆمانی «ئەهریمەنەکان» دا دەڵێت هەندێ کەس ئازارێکی خۆیان بە هەزار خۆشی ناگۆڕنەوە. لە ڕاستیدا ئەو قسەیە بۆ زنجیریش دروستە زۆرکەس زنجیرەکانی خۆیان بە هەزار ئازادی ناگۆڕنەوە.
ئەوەی بشێت مرۆڤ بەبێ زنجیر بهێنینە پێشچاوی خۆمان کاری نەکردەیە... هەموومان زنجیری کوشندەی خۆمان هەیە. هەتا نوسینیش جۆرێکە لە زنجیر کە زۆرجار تا مردن نوسەران بەدوای خۆیدا کێشدەکات. زۆری زنجیرەکان و ئەوەی ناتوانین دەستبەرداری هەموو کۆتێک ببین، کێشەیەکی گەورەی بۆ پرسی ئازادی دروستکردوە. بەواتایەکی دی مرۆڤ بوونەوەرێکە بەبێ زنجیر ناژی، بەو مانایەش خواستی بۆ ئازادی هەرگیز ناگاتە سنووری ڕەها ... لێرەوە ئازادی زۆرجار تەنیا لە هەڵبژاردنی زنجیرەکەدایە. کۆیلەیەتیش ئەوەیە کە زنجیری خۆمانمان لێبستێنن و زنجیرێکی دیکەمان بە زۆر بکەنە دەست.
لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک سات هەیە کە ناوی دەنێم خواستی ئازادبوونی ڕەها، ساتێکە لە قووڵایی دڵماندا خواستێکی نەناسراو و تاریک سەرهەڵدەدات کە هەموو زنجیرەکان بپسێنین... هەم زنجیری خۆویست و هەم زنجیری خۆنەویست، هەم زنجیری ئەو خواستانەی کە خۆمان بۆی دەگەڕێین، و زنجیری ئەو جەبرانەش کە سروشت و کۆمەڵگا بەسەرماندا دەیسەپێنن.
من خۆم زۆرجار ئەو خواستە نەکردە و تاریکە لە دڵمدا دەبزوێت... زۆرجاریش لە خۆم دەپرسم ئەو خواستە لە کوێوە دێت، بۆ هەندێک کات دەمانەوێت لە خواستە هەرەنزیک و ویستە هەمیشەیی و ئارەزووە قووڵەکانیشیمان ڕزگاربین...
بۆ توڕەییمان لە ئاستی زنجیرەکانی کۆیلەیەتی و زنجیرە سەپێنراوەکاندا ناوەستێت و هەندێجار دەبێتە ویستی خیانەتکردن لە هەر شتێک کە دەمانبەستێتەوە؟.
بەبڕوای من ئەم ساتانە پەیوەندییەکی تەواویان بە سروشتی ڕاستەقینەی زنجیرەکانمانەوە هەیە. ئێمە زۆرجار داوای مەحال لە زنجیرەکانمان دەکەین، بۆ نمونە عەشق خۆی جۆرێکە لە زنجیر... جۆرێکە لە خواستی خۆبەستنەوە بە مەعشوقەوە، بە ئاستی فەنابوونەوە لە شتێکدا کە بەڕاستی ناتوانین فەنابین تێیدا...
بە کورتی هەندێجار توڕەیمان لە زنجیرەکانمان لەوەوە نییە کە سنوورێک بۆ ئازادیمان دادەنێت بەڵکو لەوەوە دێت کە توند بەو شتانەوە شەتەکمان نادات کە دەبێت شەتەکمان بدات، تەواو لە ناو مەعشوقەدا نامانتوێنێتەوە. لێرەدا ڕووی ڕاستەقینەی زنجیر دەردەکەوێت...
زنجیر ئەو هێڵە نەبینراو و نهێنییەیەی ناو ژیانمانە کە نەدەهێڵێت تەواو لە شتەکان هەڵبێین و ئازادی خۆمان بەدەستبهێنین و لە جەبرە زۆرکارەکان دووربکەوینەوە « واتە ئەو ئامێرە نهێنی و ئەبەدییەیە کە ناهێڵێت لە دەسەڵات دەرچین»، نە ئەوەشە بهێڵێت لە مەعشوقە و ئارەزووی توانەوەو ویساڵدا لەگەڵ ئەو شتەی دەمانەوێت بگەینە حاڵی تواندنەوە و تێکەڵبوونی ئەبەدی. بەمانایەکی دی زنجیر سەمبولی ئەو نوقسانییە هەمیشەییە کە لە ناوەڕاستی وجوددایە...
بەسەرێک سەمبولی خواستێکی قووڵە بۆ ئازادییەک کە تێرنابێت و مرۆڤ هەرگیز ناگاتە ئەو ساتەی بڵێت من تەواو ئازادم، بەسەرێکی دیش سەمبولی نزیکی و گرێبەستێکە ناگاتە ئاستی تواندنەوە و فەنابوون لەو شتەدا کە دەمانەوێت، واتە هێمای خواستێکە بۆ ویساڵ کە تێرنابێت.
گەر بە زمانی سۆفییەکان قسەبکەین زنجیر نیشانەی ڕزگارنەبوونی تەواوەتی ڕۆحی دەروێشە لە جەستە و نیشانەی فەنانەبوونی تەواوەتی ئەو ڕۆحەشە لە زاتی ئیلاهیدا... بەڵام گەر بە زمانی دەرونشیکار بدوێین زنجیر بەسەرێک دۆخی ڕزگارنەبوونە لە دەسەڵاتی «بەرزەمنی» فرۆیدی کە «سەمبولی دەسەڵاتە جیاوازەکانی وەک خودا و باوک و دەوڵەتە... هتد»، وە سەمبولی تێرنەبوونی ئارەزووییەکیشە کە لە جەوهەردا ڕووی لە مەحالە «ئەلفی بچوکی لاکانی». بە کورتی زنجیر سنوورە وجودییەکانمان دیاریدەکات...
بەڵام مرۆڤ ناژی بێئەوەی بەردەوام لەگەڵ زنجیرەکاندا گەمەبکات... دەبێت هەمیشە زنجیرێک هەبێت بیشکێنین و زنجیرێکی دی هەبێت دروستیبکەینەوە، سیاسەت زۆر ئاسان ئەو زەمینەیەمان پێشکەشدەکات، سیاسەت هەمیشە زنجیرێکمان پێشکەشدەکات کە دەبێت بیپسێنین، بەڵام مەرجی پساندنی هەر زنجیرێک لە سیاسەتدا خۆگرێدانەوە و خۆبەستنەوەیە بە هێزێکی دی و بە خواستێکی دییەوە، واتە دروستکردنی زنجیرێکی دییە.
ئێمە وەک مرۆڤ دەبێت هەمیشە شتێک هەبێت لێیجیاببینەوە و شتێک هەبێت پێوەی بنوسێین...مرۆڤ ناتوانێت هەرگیز لەو بازنە داخراوەی لێکترازان و وابەستەبوون، لە خواستی هەمیشەیی هەڵهاتن و فەنابوون بچێتەدەرێ. ئەو ساتە کەمانەش کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ساتی «خۆ ڕزگارکردنی تەواو لە هەموو زنجیرێک» ساتی هەستکردنن بە ناکۆتابوونی ئەو بازنەیەی کە تێیداین...
ئەو ساتەیە کە تێدەگەین ئازادیمان هەمیشە نوقسان و تێربوونی ئارەزووەکانمان هەمیشە نوقسانە. بەڵام مرۆڤ دەبێت بەردەوام بێت، دەبێت هەمیشە زنجیرێک هەبێت بیشکێنێت، دەبێت هەمیشە عاشقانە بە شتێکیشەوە پابەندبێت...
لەبەرئەوەی ئەم دوو پرۆسەیە تاکە دوو پرۆسەن مانا دەدەن بە ژیانی و ناهێڵن پوچی بیکوژێت...
بەڵام لێرەدا زیرەکی مرۆڤ دەردەکەوێت، بەوەدا کە حەزی لەو زنجیرانە نەبێت کە دەیکەن بە کۆیلە و ڕقی لەو زنجیرانەش نەبێت کە دەیکەن بە عاشق. چونکە بەشی هەرەزوۆری مرۆڤەکان «ئەوانەی دەبنە کۆیلەی دەسەڵات و حیزب و سەرۆک» لەوانەن کە زنجیری کۆیلەیەتیان خۆشدەوێت و ڕقیان لە زنجیری خۆشەویستی و ئارەزوو و عەشقە. زیرەکی مرۆڤ لەوەدایە بزانێت کەی و لە چ ساتێکدا کامە زنجیر دەپسێنێت و عاشقی کامە جۆری زنجیر دەبێت...
ژیان لەو ساتەدا دەمرێت و دەوەستێت کە مرۆڤ نەیەوێت زنجیرێک بشکێنێت و نەگەڕێت بۆ وابەستەییەکی دیکە لەگەڵ ژیاندا... واتە یاری بە زنجیرەکان نەکات، چونکە لە جەوهەردا گەمەی ئازادی تا ئەندازەیەک یارییە بە زنجیرەکان. بە کورتی گەمەی ئێمە لەگەڵ زنجیردا ئەبەدییە، بە ئەندازەیەک دەتوانین بڵێین مرۆڤ هیچ نییە جگە لە منداڵێک کە تەنیا دەتوانێت یاری بە زنجیرەکانی بکات... لە بەرئەوە دەتوانین بڵێین یاری بە زنجیرەکەت بکە و مەترسە ئەی دۆست.
سهرچاوه: ماڵپهڕی نووسهر