نزیكه‌ی (10) مانگه جوڵانه‌وه‌یه‌ك پاش ئاكامی هه‌ڵبَژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كومار له ئێران هاتوه‌ته ئاراوه كه هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه، ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه كه له ئێران به‌بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز ناسراوه (هه‌ر چه‌ند نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته له‌و باوه‌ڕدایه كه ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه ناچێته خانه‌ی بزوتنه‌وه‌وه، به‌ڵكو ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكه دژی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد‌و سیاسه‌ته‌كانی) بۆ ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ ده‌بێت‌و هاوكات كه له‌بۆنه ڕه‌سمی‌و نا ڕه‌سمییه‌كاندا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه بۆ شرۆڤه كردنی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه ڕای جیاواز‌و بۆچوونی تایبه‌ت یه‌كجار زۆر له نیۆ كۆر‌و كۆمه‌ڵه سیاسییه‌كانی ئێرانی له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ئێران هه‌یه هه‌موویان له روانگه‌ی خۆیانه‌وه ده‌ڕوانن به‌م رووداوه.
هێزه چه‌په‌كانی ئێران
له ڕاستیدا زۆربه‌ی چه‌په‌كان كه به ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه ناسراون هه‌ڵوێستیان له مه‌ڕ بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز هه‌ڵوێستێكی ڕوونه ئه‌وان له‌و باوه‌ردان ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌ی خه‌ڵك ئاكامی سیاسه‌ته چه‌وته‌كانی حكومه‌تی ئاینییه له ئێران‌و له هه‌مان كاتیش‌دا پێیانوایه (موسه‌وی، كه‌روبی‌و خاته‌می) ڕێبه‌ری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نیین، ئه‌وه‌ی له ئێران روویداوه بریاری خه‌ڵكه‌و ریفۆرمخوازه‌كان هیچ ڕۆڵێكیان تیدانه‌بووه، چه‌په‌كان خۆیان به خاوه‌نی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه ده‌زانن‌و به توندی ڕۆڵی ڕیفۆرم خوازانی ئێرانی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه، هاوكاتیش پێیان وایه ریفۆرم خوازه‌كان به‌شێكن له سستمی كۆماری ئیسلامی ئێران‌و ناتوانن وه‌كو ڕێبه‌ر ڕۆڵ بگێرن، چه‌په‌كان ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی ڕیفۆرمخوازه‌كان ده‌گرن به‌تایبه‌ت كه له ماوه‌ی 8 ساڵی حوكمرانی خاته‌می هیچ شتێكی نوێ نه‌هاته ئاراوه‌و ته‌نیا ته‌مه‌نی ڕژێمی درێژ كرده‌وه، بۆیه ئێستا ریفۆرمخوازه‌كان ده‌یانه‌وه‌ێت هه‌مان سیناریۆ بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات دووباره بكه‌نه‌وه بۆیه ئه‌وان (چه‌په‌كان) به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك حكومه‌تی ئاینی ڕه‌تدكه‌نه‌وه جا با توندروه‌كان بن یان میانڕه‌وه‌كان.
ڕیفۆرمخوازه‌كان
ڕیفۆرمخوازه‌كان كه بۆ ماوه‌ی 8 ساڵ ڕه‌وڕه‌وه‌ی حوكمرانی وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بوو، ئێستا له‌و باوه‌ڕه‌دان چیدی له‌ئێران شۆڕش‌و ڕاپه‌ڕین وه‌ڵامده‌ری خواستی كۆمه‌ڵگا نییه‌و پێویسته بیر له ڕیفۆرم‌و گۆڕینی هه‌ندێك له به‌نده‌كانی ده‌ستور بكرێته‌وه. سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه ئه‌وان پێیان وایه هێزه ئۆپۆزسیونه‌كانی ئێرانی زۆر كۆن‌و به‌رته‌سكانه بیرده‌كه‌نه‌وه، چونكه تاكه ستراتیژی ئه‌وان بیركردنه‌وه‌یه له ڕوخاندنی ڕژێم بۆیه ئه‌مه‌ش به مه‌ترسی ده‌زانن كه ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزانه (ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه) ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست ئه‌وا تۆڵه‌یان لێده‌كه‌نه‌وه‌و پاش گه‌یشتنیان به ده‌سه‌ڵات ڕیفۆمخوازه‌كان له‌ناو كایه‌ی سیاسی ئێران ده‌سڕنه‌وه، ده‌كرێت بڵێین نه‌بوونی متمانه له‌نێوان هه‌ر دوو لادا واته ڕیفۆرمخوازه‌كان‌و ئۆپۆزسیۆن به‌گشتی‌و هێزه چه‌په‌كان به تایبه‌تی هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م ناكۆكییه‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردوه ریفۆرمخوازه‌كان له نێو گوتار و به‌رنامه‌كانیان باسێك له‌ئۆپۆزسیۆن ناكه‌ن‌و به‌مایه پوچی سیاسی تاوانباریان ده‌كه‌ن.
بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاری
له راستیدا یه‌كیك له كاركته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م بزوتنه‌یه‌وه رۆڵی بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاری له ئێرانه كه بێ گومان نه‌ك هه‌رله‌م رووداوانه بگره له هه‌ر نارازایه‌تێك پێش هاتنه سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆلی به‌رچاویان هه‌بووه‌و هه‌یه، زۆرینه‌ی ئه‌و كوڕ‌و كچانه‌ی كه له‌م رووداوانه گیانیان له‌ده‌ستدا خوێندكار بوون كه ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه خوێندكاران له ئێران به درێژایی مێژووی سیاسی رۆڵیان هه‌بووه، دیاره ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه تا ئێستا نه‌یتوانیوه فۆرمێكی سیاسی وه‌ربگرێت كه ئه‌مه‌ش به بڕوای چاودێرانی سیاسی ئێرانی هۆكاری سه‌ركه‌وتنیانه، مه‌به‌ست له فۆرمی سیاسی داخوازی سیاسی نییه، به‌ڵكو تا ئێستا وه‌كو حزب یان قه‌واره‌ی سیاسی خۆی نه‌ناساندوه، به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه تاكه هێزی ناو گۆڕه‌پانی سیاسی ئێرانن كه به‌رده‌وام ئاڵا هه‌ڵگری هه‌موو ناره‌زایه‌تی‌و خۆپیشاندانه‌كانن له ئێران‌دا. چاودێران پێیان وایه كه بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاری بۆ هه‌ر لایه‌ك له‌و هێزانه بشكێته‌وه گره‌وه‌كه‌ی برده‌وه‌ته‌وه.
بزوتنه‌وه‌ی ژنان
ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ش وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاران ڕۆڵی له وه‌گه‌رخستنی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌دا هه‌بووه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕوانیینه هه‌تا ئه‌م دواییه موسه‌وی‌و كه‌روبی باسی رۆڵی ژنانیان نه‌كرد هه‌تا راگه‌یاندنی ژماره 12 موسه‌وی له‌وه به‌دواوه داوای له ژنان كرد به‌شداری چالاكیان هه‌بێت له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا، هه‌رچه‌ند پێش ئه‌م ڕاگه‌یاندراوه ژنان له ئێران پێشه‌نگی خه‌باتی یه‌كسانی وفێمنیزمی خۆیان بوون، به‌ڵام به گشتی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه كه داخوازی سیاسی‌و تایبه‌تی خۆیان هه‌یه ده‌كرێ بوترێت هه‌نووكه تێكه‌ڵ به‌م بزوتنه‌وه‌یه بوون، له‌هه‌موو خۆپیشاندانه‌كان به‌شداری كارایان هه‌یه‌و" ندا ئاغا سولتان"(كچه خوێندكارێك كه له‌خۆپیشاندانه‌كان به‌چاوی كراوه له به‌رده‌م كامێرا‌كان گیانی له‌ده‌ستدا‌و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی جیهانی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆی هێنا) به‌سومبولی خۆیان ده‌زانن، هاوكات جه‌خت له به‌رده‌وام بوون له درێژه‌دان به خه‌باتی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه و داخوازییه‌كانی خۆشیان به‌رده‌وام بۆ ده‌سه‌ڵات‌و ڕێبه‌رانی بزوتنه‌وه‌كه دووباره ده‌كه‌نه‌وه.
نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان په‌رت وبڵاون
به درێژایی چه‌ند ساڵی ڕابردوو نه‌ته‌وه‌كانی ئێران به‌گشتی كورد به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن هه‌ردوو باڵی ریفۆرمخواز‌و توندڕه‌وو ده‌چه‌وسێته‌وه، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی كه بارودۆخێكی نائاسایی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرتوه‌ته‌وه، پارچه پاچه بوون‌و په‌رته‌وازه بوون‌و دوورییان له‌كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌كی زه‌ق ده‌بینرێت، هاوكات نه‌بوونی ستراتیژی روون هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو له‌نێو هێزه سیاسه‌كانی كورد له‌مه‌ڕ ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه بێده‌نگی ڕێبه‌ران یان سه‌ركرده‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه (موسه‌وی ،كه‌روبی‌و خاته‌می) سه‌باره‌ت به پرسی كورد‌و نه‌ته‌وه‌كانی ئێران جۆرێك له بێ متمانه‌یی له‌نێوان هه‌ر دوو لای هێناوه‌ته ئاراوه، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌م به‌شداری به‌رچاویان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری ئێران كرد‌و هه‌م وه‌كو تاك له شاره گه‌وره‌كانی ئێران به‌شداری كارایان له‌م به‌رخۆدانه كردوه، ته‌نانه‌ت له‌شاره‌كانی كرماشان‌و ئیلام كوژراویشیان داوه كه ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی داواكاری هێزه‌كانی رۆژهه‌لات بوو (واته به‌شداری له هه‌ڵبژاردن)، به‌ڵام به بڕوای چاودێرانی سیاسی به‌شداری نه‌كردنی نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی ئێران له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا ده‌توانێت سه‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌كه په‌ك بخات‌و لاوازی بكات، هه‌ڵبه‌ت هۆكارێكی دیكه‌ی به‌شداری نه‌كردنی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باردۆخی ئه‌منی‌و ترس له‌قوربانیدان، چونكه هه‌ر سه‌رهه‌ڵدانێك له كوردستان ده‌توانێت ڕێگه‌ی شه‌ری چه‌كداری و گرتن و له‌سێداره‌دان له كوردستان بباته لوتكه.
بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز خه‌ریكی خۆڕێكخستنه
هه‌نووكه پاش ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ڕیفۆرمخوازه‌كان‌و لایه‌نگرانی له‌ناو زیندانه‌كانی حكومه‌تدان، به‌ڵام بزوتنه‌وه خه‌ریكی خۆ ئاماده‌كردنه بۆ 22 ی حوزه‌یران، واته تێپه‌ربوونی ساڵیك له‌حوكمڕانی مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، هاوكات سوپای پاسدارانیش به‌توندی ئاگاداری ریفۆرمخوازه‌كانی كرد كه به هاتنه سه‌ر شه‌قام رێگای توندتر ده‌گرنه‌به‌ر و هه‌ره‌شه‌ی ده‌ستگیر كردنی موسه‌وی و كه‌روبیان كردوه، چاودێرانی بواری سیاسی له‌ئێران پییان وایه میتۆدی هاتنه سه‌ر شه‌قام‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌منی‌و نیزامی، میتۆدێكی سواوه‌و پێویسته ڕیفۆرمخوازه‌كان به‌دوای میتۆدێكی دیكه بگه‌ڕێن كه حكومه‌ت نه‌توانێت كونترۆڵیان بكات، بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز ده‌بێ پێداچونه‌وه به ڕێكاره‌كانی بكات‌و بتوانێت نه‌ته‌وه‌كانی ئێران‌و كرێكاران‌و چینی هه‌ژاری كۆمه‌ڵگا له‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه، ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ك به‌مزوانه ئه‌سته‌مه هه‌رچه‌ند میرحسین موسه‌وی له‌په‌یامه‌كه‌ی سه‌ری ساڵی تازه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات ئه‌مساڵ ساڵی سه‌بووری‌و به‌رخۆدانه. بۆیه ده‌بێ چاوه‌ڕوان بن ئاخۆ ئه‌مساڵ موسه‌وی ده‌توانێت نه‌ته‌وه بن ده‌سته‌كان‌و كرێكاران له دووری خۆی كۆ بكاته‌وه.