کێشه‌یه‌کی بنچینه‌یی که‌سایه‌تیه‌کانی رۆمانه‌کانی فرانتز کافکا و که‌سایه‌تی خۆیشی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌یه که "له کوێوه لێیان ده‌درێت؟". هه‌وڵی به‌رده‌وامی که‌سایه‌تیه‌کانی رۆمانی "دادگایی" و "کۆشک" دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی به‌ڵا و نه‌هامه‌تیه‌کانه، ته‌قه‌للایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌ی که بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ریی"ک" ی ده‌رکردوه و نیشانه و نوێنه‌ره‌کانی له هه‌موو شوێنێک هه‌ن و که‌چی له‌دواییدا که‌سایه‌تی ناتوانێت دادگا و سه‌رچاوه‌ی بڕیاره‌کان بناسێت. له رۆمانی کۆشکیشدا دیسان ئا‌گامان لێیه"پێوه‌رکار"ی راسپێردراو بۆ پێوانی کۆشکێکی ته‌م و مژاوی ناتوانێ رێگه‌یه‌ک به‌ره‌و کۆشک و پێوانی و ناسینی خاوه‌نی نادیاری کۆشک و مه‌به‌سته‌کانی ئه‌م کاره‌ش بدۆزێته‌وه؛ ئه‌م به‌سه‌رهاته لای کافکا به‌رده‌وام ده‌بێت تاکوو له‌دواییدا گرێگوار سامسای که‌سایه‌تیی رۆمانی "که‌وڵاوکه‌وڵ" بیری ده‌چێت ته‌نانه‌ت بپرسێت که چۆن بوو تووشی که‌وڵاوکه‌وڵ هات و ئه‌وه کام به‌ڵا بوو ئه‌وی گۆڕی بۆ حه‌شه‌ره‌یه‌کی گه‌وره، بیری ده‌چێت بۆ سه‌رچاوه‌ی به‌ڵاکه بگه‌ڕێت و ته‌نیا وه‌ک رووداوێکی ئاسایی سه‌یری ده‌کات، ئه‌مه تا ئه‌و راده ده‌کشێت که ته‌نانه‌ت دایک و باوک و خوشکیشی ئه‌م به‌ڵا وه‌ک شتێکی ئاسایی وه‌رده‌گرن، چما شه‌ڕ چیدی به‌شێک بێت له بوونی شته‌کان و ژیانی ئاسایی و، هیچ هیوایه‌ک بۆ روونبوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی به‌ڵا و ئه‌مر و فرمانه‌کان نه‌مابێت.
ئه‌م هه‌سته، هه‌ستێکه به‌تایبه‌ت مۆدێرن: هه‌ستی ناتوانی به‌رامبه‌ر کردنه‌وه‌ی ئاڵۆزی و زنجیره‌پله‌کانی هێز که خۆیان ده‌زگایی کردوه‌ته‌وه و له شێوه‌ی ده‌زگاکاندا نهێنی بوونه‌ته‌وه. نموونه‌ی باڵای ئه‌م نادیاربوونه‌وه‌ی شه‌ڕ و به‌ڵا دادگاکانی نۆرمبێرگه که ساڵی 1964 بۆ دادگایی‌کردنی به‌رپرسانی قڕکردنی جووه‌کان و ئایشمه‌نی داڕێژه‌ری ئه‌م پلانانه دامه‌زرا. هانا ئارێنت که راپۆرتی ئه‌م دادگاییانه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی نیووزویک ده‌گواسته‌وه، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات که له زنجیره‌پله‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌دا که دوایین چاره یان هه‌مان پرۆژه‌ی قڕکردنیان به‌ڕێوه‌ده‌برد، له‌دواییدا دیار نه‌بوو سه‌رچاوه‌ی فه‌رمانه‌کانی کوشتن کام ده‌زگا یان که‌سی تایبه‌ته.
کافکا به‌دیکه‌رێکی راسته‌قینه‌ی جۆرێکی نوێی هێزه: ده‌وڵه‌تی ئاسایشی، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی پاراستنی ئاسایشی کردۆته بنچینه‌ی کاری خۆی و به‌رده‌وام هه‌ست به مه‌ترسی ده‌کات و بۆ دۆژمن ده‌گه‌ڕێت، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی هه‌ر به‌پێی ئه‌م روانگه چه‌ندین ده‌زگای ئاسایشی نهێنی هه‌یه که دیار نییه کێ ده‌یانگه‌ڕێنێت و دیاریش نییه سه‌رچاوه‌ی فه‌رمانه‌کان کوێ و کێن، دوڵه‌تی ئاسایشی ده‌وڵه‌تی هێزه نهێنییه‌کانه، ئه‌و هێزانه‌ی به‌ناوی پاراستنی یاسا و ئاسایشه‌وه ده‌توانن و بۆیان هه‌یه هه‌موو یاسایه‌ک و ئاسایشێک تێپه‌ڕێنن، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی له پشتی ده‌زگا و هێزه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی یاساوه که بریتین له دادگا و پۆلیس، ده‌زگا و پۆلیسی نهێنی هه‌یه، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ن که به هێزی نادیار ئاسایش ده‌پارێزن و که‌چی دیمۆکراسییان هه‌ر ده‌م ده‌کرێت بخرێته ژێر پێی ئه‌م هێزانه، ئه‌م هێزه نادیارانه هه‌رده‌م ده‌توانن به‌دڵه‌خۆ یاسا تێپه‌ڕێنن و له‌هه‌ر که‌سێک بده‌ن و هه‌ر جۆرێک پێیان باش بوو هه‌ڵس و که‌وت بکه‌ن.
له‌واقیعی هه‌نووکه‌ی کوردستاندا هێشتا گه‌لێک هێزی نادیار له‌پشته‌وه‌ی یاسا و پۆلیسه‌وه هه‌ن، بوونی ئه‌م ده‌زگایانه ته‌عبیرن له مه‌یلی گێڕانی نهێنی و نائاشکرای کاروبار و، هه‌ر بوونی ئه‌م هێزانه ته‌عبیرن له‌وه‌ش که دیمۆکراسیی لاوازی هه‌نووکه‌یی مه‌یلی به‌ره‌و دوڵه‌تی ئاسایشی هه‌یه.
له رووداوی ئه‌م دواییه‌ی کوژرانی رۆژنامه‌نووسێکدا به‌ناوی سه‌رده‌شت عوسمان، ئا‌گامان لێیه لایه‌نێک تاوانه‌که رووبه‌ڕووی لایه‌نێکی دیکه ده‌کاته‌وه و به‌م جۆره خه‌ریکه ئه‌سڵی باسه‌که لێڵتر ببێته‌وه و بیرمان بچێ له سه‌رچاوه‌ی راسته‌قینه‌ی به‌ڵا بپرسین. ئه‌وه‌ی خه‌ریکه رووبدات تووشکردنی لایه‌نێکی تایبه‌ته، که‌چی بنه‌ڕه‌تی کێشه‌که ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌رچی گرنگه ئاشکرا ببێ کام که‌س یان لایه‌ن ئه‌م کوشتنه‌ی له ئه‌ستۆیه، به‌ڵام گرنگتر له‌مه‌ش ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تی ئاسایشی ره‌خنه بکرێت، ده‌شێ بکوژ یان بکوژان ببرێنه دادگاش، به‌ڵام تا ئه‌و کاته‌ی هه‌ندێ هێز هه‌بن که له ئه‌ودیوی یاساوه بن، تا هه‌ندێ ده‌زگای نهێنی هه‌بن که بۆیان هه‌بێ به نهێنی بژین و به نهێنی کار بکه‌ن، ئه‌گه‌ری روودانی کاره‌سات و کوشتنی دیکه هه‌یه و هه‌میشه‌ش ئه‌گه‌ری ئاشکرانه‌بوونی سیمای راسته‌قینه‌ی شه‌ڕ.
له دادگاکانی نۆرمبێرگ، کێشه‌ی دادوه‌ران ئه‌وه بوو که هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیان له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌بوو که ئایشمه‌نی داڕێژه‌ری پرۆژه‌ی قڕکردنی جووه‌کان به ده‌ستی خۆی که‌سێکی کوشتبێت یان ته‌نانه‌ت رۆژێک چه‌کی هه‌ڵگرتبێت. به‌ڵام دادگا به‌م چاره‌سه‌ره توانی ئایشمه‌ن بگرێت و تاوانباری بکات: دادگا رایگه‌یاند که له زنجیره‌پله‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌دا که بکه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی قڕکردنه‌که‌بوون ، تا له‌و که‌سه‌ی به ده‌ستی خۆی که‌ره‌سته‌ی کوشتنی خستۆته‌گه‌ڕ دوورتر ده‌که‌وینه‌وه، بڕی به‌شداریی له‌تاوانه‌کاندا زیاتر ده‌بێت.
له‌دۆسیه‌ی کوشتنی ئه‌مجاره‌دا، ئه‌گه‌ریش بکوژان بدۆزرێنه‌وه و بدرێنه دادگاش، هێشتا تاوانبار یان تاوانبارانی راسته‌قینه و ئه‌گه‌ری روودانی دووباره‌ی تاوان ده‌مێنێت، چونکوو ئه‌وه‌ی به‌راستی ده‌بێ ره‌خنه و دادگایی بکرێت ده‌وڵه‌تی ئاسایشیی و ئه‌و روانگه پۆلیسیه‌یه که له هه‌موو شوێنێکدا بۆ تاوانبار و تێکده‌ر ده‌گه‌ڕێ، ئه‌و دۆخه‌یه تێیدا ده‌کرێت هه‌ندێک هێز و که‌س له‌سه‌ر ناوی پاراستنی ئاسایش به ئاره‌زووی خۆیان هه‌ڵس و که‌وت بکه‌ن. ئه‌وه‌ی له کوردستان پێویسته، پێش و پاش دادگایی‌کردنی بکوژان، دادگایی‌کردنی ئه‌و دۆخه ئاسایشیه‌یه مل ده‌کێشێته هه‌موو قوژنبێک، ئه‌و دۆخه‌یه تێیدا پۆلیس له هاوکاری هاوڵاتیانه‌وه ده‌بێته هێزێکی نهێنی تۆقێنه‌ر.
له‌وانه‌یه به‌رامبه‌ر به‌م تاوانانه دیسان ده‌رفه‌ت بدرێته گه‌وره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره هێزه نهێنیانه و ئه‌مه‌ش بیانوویه‌ک بێت بۆ زاڵکردنی زێده‌تری دۆخی ئاسایشی و نائاسایی و هێزی نادیاری بان یاسا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته نه‌ک نمایش‌کردنی توانای کۆنتڕۆڵکردن و ناردنی ناونیشانی هه‌ڵه، به‌ڵکوو نه‌هێشتنی هیچ هێزێکی نهێنییه، چونکوو هێزی نهێنی و ده‌وڵه‌تی ئاسایشی شمشێرێکی دووده‌مه و هه‌ر چرکه ئاماده‌یه دیمۆکراسی له‌پێناو پاراستنی ئاسایش‌دا قوربانی بکات، ئه‌وه‌ی پێویسته رێگه‌گرتنه له زۆربوونی ئه‌م ده‌زگا و ماڵ و شوێنه نهێنییانه، ئه‌و ده‌زگا و شوێنه نهێنییانه‌ی بڕیاره ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو کوردستاندا بکێشن و سه‌رپاکی تاریکی بکه‌ن.